شاعیر: موفتی پێنجوێنی
کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی
سەرناو: بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا

بە غەفڵەت تێپەڕی عومرم لە پەنجا
سپی بوو ڕیش و سەر یەکسەر لە ڕەنجا

ستارەی بەختی من جێما لە بورجا
ئیدارەی ماڵ و منداڵم نەگونجا

***

لە وەختی گەنجی و عومری شەبابم
لە حەربی «عەمر و زەید»دا بووم جەنابم

بەلاش و مفتە بوو نان و کەبابم
خەیاڵم وا ئەچوو هاوشانی شا بم

***

کە وەختێ جووتە فەقیانەی کەتانم
ئەخستە سەر مل و سەر باسک و شانم

لەلای خۆم وام ئەزانی بێچوە خانم
وەیا خۆ واریسی قەومی بابانم

***

ئەڕۆیشتم بەسەر ئەرزا بە عینوان
نەبوو شەخسێکی ساحێب ڕەحم و ویژدان

نیشانم دا تەریقی ژینی ئینسان
کە نانێ بێتە دەستم سەهل و ئاسان

***

ئەوا ئێستا کە دانیشتووم خەفەتبار
دڕا فەقیانەکەم قەومینە هاوار

کوڕ و کچ کۆمەڵێ لێم بوون بە سەربار
بەبێ ئیش و بەبێ سنعەت بەبێ کار

***

کە خۆم بەم نەوعە وا تووشی بەڵا بووم
بە داخ و دەردی دنیا موبتەلا بووم

زەلیلی مەوعیزەی شێخ و مەلا بووم
کە موحتاجی دەستی حاجی و قەلا بووم

***

کە وا بوو بۆ هەموو ئەولادەکانم
نەبەستم چاکە تا ماوم زبانم

ئەکەم بەحسی زەلیلیم و ژیانم
فکریان با نەچێ داد و فیغانم

***

ئەوانیش با نەبن وەک من گرفتار
نەکێشن ئاهی ساردی پڕ لە هاوار

تەمەڵ با دانەنیشن مات و خەمبار
نەبن موحتاجی دەستی یار و ئەغیار

***

دڵ و گوێ شل نەکەن بۆ وەعزی بێ جێ
هەتا مردن خجڵ بن با بە ڕەنجێ

بەبێ ڕەنج و ئارەق نابێ بڕەنجێ
لە فلسێ تا ڕیاڵێ تا بە گەنجێ

***

کە من زیندووم و موحتاجم بە خۆراک
لە هاوین و لە زستانا بە پۆشاک

چلۆن هەر دابنیشم مەست و بێباک
هەتا نەمرم لەبەرچی بچمە ژێر خاک